AP ١٤٠٤ ڕێبەندان ٢٧ ١٩:٣٧

بوروجێردی: دوژمن هەڵەیەکی تر بکات پەردە لەسەر چەکی نوێ لادەدەین

بوروجێردی: دوژمن هەڵەیەکی تر بکات پەردە لەسەر چەکی نوێ لادەدەین

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە ئێران وڵاتێک نییە چەکی پێداماڵێتنرێت و وتی: ئەگەر دوژمن هەڵەیەکی تر بکات پەردە لەسەر چەکی نوێ لادەدەین.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەلائەدین بوروجێردی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەڕلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری مێهر سەبارەت بە دانوستانەکان وتی: ئێمە ڕێککەوتین لەسەر دانوستان بە مەبەستی ئەوەی نیشان بدەین کە ئێمە بەدوای قەیرانی ناوچەکە و شەڕدا ناگەڕێین. باشترە لایەنی بەرامبەریش پابەندی یاساکانی یارییەکە بێت و هەڵەی جاری پێشوو دووبارە نەکاتەوە.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە هێڵە سوورەکانمان تەواو ڕوونن، ڕایگەیاند: ئێمە خۆمان توانای ئەتۆمیمان بەدەستهێناوە و هیچ وڵاتێکی دیکە بە ئەمریکاشەوە توانای ئەتۆمی پێمان نەداوە. ئەم توانایە بە هەوڵی زاناکانمان و بە تێچووی زۆر بەدەست هات. بە سەرنجدان بەوەی کە ژمارەیەک لە باشترین زاناکانمان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستیەوە تیرۆر و شەهید کران، بە دڵنیاییەوە ئەم توانایە لەدەست ناچێت و ئێمە دەیپارێزین.

بوروجێردی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە چەکی ئەتۆمیمان نییە و بەدوایدا ناگەڕێین، هەروەها ڕێبەری باڵای ئێرانیش فەرمانێکی لەسەر حەرام بوونی دەرکردووە . تاکە ئامرازی بەرگری ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی تاڵی شەڕی هەشت ساڵە، توانای مووشەکی ئێمەیە و ئەمەش بابەتی دانوستان نییە. هەروەها پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەک هەر وڵاتێکی دیکە بەشێکە لە سیاسەتەکانی ئێمە و دانوستانیان لەسەر نییە.

جەختیشی کردەوە: لە نێو ئەو پرسانەی کە جێی گفتوگۆیە، پرسی ئەتۆمی ئێرانە، بێگومان بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی یارییەکە، بەو مانایەی کە پرەنسیپی پرسی ئەتۆمی ئێران دەبێت لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە قبووڵ بکرێت. جگە لەوەش ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن، لە بواری هاوکاری ئابووریدا کێشەمان نابێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ داهاتووی دانوستانەکان، وتی: ڕێگاکە قورسە، بەڵام ئەگەر لایەنی بەرامبەر هەڵەی جاری پێشوو دووبارە نەکاتەوە، ئەوا ئەم دانوستانانە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانن ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنن.

بوروجێردی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بێگومان فاکتەری سەرەکی تێکدەر ڕژێمی زایۆنیستییە و بینیمان کە ناتانیاهۆ لەم دواییانەدا بۆ تێکدانی دانوستانەکان و فشارخستنە سەر ئێران بۆ داماڵینی چەک سەردانی ئەمریکای کردووە، بەڵام چەك بە ئێران داناماڵێندرێت.

ئەو ئەندامەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی جەختی کرد: لایەنی بەرامبەر دەبێ بزانێت ئەگەر هەمان هەڵەی جاری ڕابردوو دووبارە بکاتەوە، ئێران پەردە لەسەر ئەو چەکانە لادەدا کە بەدڵنیاییەوە بۆ ئەمریکییەکان و بنکە جێگیر و گۆڕاوەکانیان لە ناوچەکە و هەروەها بۆ ڕژێمی زایۆنیستی زۆر جێگەی داخ دەبێت.

لە کۆتاییدا وتی: ئێستا مەیدانی تاقیکردنەوەیە و ئەگەر لایەنی بەرامبەر ڕاستگۆ بێت و پابەند بێت بە ڕێساکانەوە، ئەوە بە شێوەیەکی سروشتی دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ڕێککەوتنێک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان بێت. ئەگەرنا ئەوە ڕوونادات.

News ID 58596

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha